اجتماعی, رویدادهای ساکا پرس

ئەنجومەنی پاژین، مەراسمی پرسەو پێزانین لە تێکۆشانی شەهیدانی ژینگەی مەریوان بەڕێوە برد

ڕۆژی چوارشەممە ۷ی خەرمانان بەرانبەر بە 29aug لە مزگەوتی ساداتی شاری بانە ڕێوڕەسمی پرسە و پێزانین بۆ تێکۆشانی شەهیدانی ژینگەپارێزی مەریوان بەڕێوە چوو کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی گوندی سلسێ‌و پیلە ڕۆشتبوون. لە مەراسمەکە کەلەلایان ئەنجومەنی پارێزەرانی ژینگەی بانە (پاژین)ـه‌وە بەڕێوەچوو سەرەتا بە خوێندنەوەی چەند ئایەت لە قورئانی پیرۆز دەستی پێکرد و پاشان فەتاح ئەمین‌زادە لەلایان ئەنجومەنی پاژینەوە بەخێرهاتنی میوانانی کرد و چەند وتەی لەسەر شەهیدانی ژینگە ئاراستە کرد. حامید ئەسراری کورتەیەکی لەسەر کەسایەتی شەریف باژوەر خستە بەرباس؛ دواتر مامۆستا مەلا باقی پاراستنی ژینگەی لەڕوانگەی ئایینەوە شی کردەوە و ئاماژەی بە گرینگی‌دان بە پاراستنی ژینگە دا.

ئاسۆ ڕاستینە ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان کە بە نوێنەرایەتی بەشداری مەراسمەکە بوو داخویانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانی خوێندەوە و پرسەی خۆی ئاراستەی ئەنجومەنی پاژین‌و سەرجەم هاوشاریانی بانە کرد. هەروەها ڕزگار بەهاری داخویانی ئەنجومەنی پاژینی خوێندەوە کە ناوەرۆکەکەی، نوێ‌کردنەوەی پەیمانی درێژەدان بوو بەڕێبازی شەهیدانی ژینگە. کەریم دافعی بە دوو پارچەشێعر پاڵپشتی خۆی بۆ ژینگەپارێزان دەربڕی، خاتوو گوڵاڵە درەفشان بە پارچە شێعریک بەشدار بوو لە پرسەو پاڵپشتی لە چالاکانی ژینگەپارێز، پاشان کوردۆ لەلایان بازاڕیانەوە بەکورتی هاوخەمی‌و توڕەیی خۆی بەرانبەر بکەرانی ئاگرکەوتنەوەکان و ڕووداوە دڵتەزێنەکە دەربڕی. لەدرێژەدا هەرکام لە نوێنەرانی ئەنجومەنەکانی گەشەی ئاشتی، ئەنجومەنی کرێکارانی بیناسای بانە، ئەنجومەنی ژینگەپارێزی ساحێب، بنەماڵەی هونەرمەندی کۆچ‌کردوو تەها کەریمی، ئەنجومەنی ئەدەبی نەوژین، گرووپی شاخەوانانی زاگرۆس، ئەنجومەنی ئەدەبی هاژە و ئەنجومەنی ئەدەبی کانی‌سوور هەرکام لای خۆیانەوە پەیامی پرسەو سەرخۆشی خۆیان بۆ کارەساتی گیان‌بەخت‌کردنی چوار کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان‌و کارمەندانی مەنابع تەبیعی دەربڕی‌.

فواد حەسەنی ساوان ئەندامی پاژین لە چەند خولەکدا ئاماژەی‌دا با هیچ لایەنێک خۆی نەکاتە خاوەن چالاکیەکانی شەهید باژوەر و هەڤاڵانی‌و تیکۆشانیان بچووک نەکەنەوە. نوێنەری ئەنجومەنی ژینگەپارێزی ساحێب لقێک داربەڕووی پێشکەش کرد بە نوێنەری ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان کە لەسەر گڵکۆی گیان‌بەخت‌کردوو شەریف باژوەر بیچێنێت. مەراسمی پرسەو پێزانین بۆ تێکۆشانی گیان‌بەخت کردووان ماوەی سێ کاتژمێری خایاند و سەرجەم چین‌و توێژەکان لە ژن‌و پیاوی شاری بانە تێیدا بە گەرمی بەشداری‌و پێشوازیان کرد.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *