اجتماعی, رویدادهای ساکا پرس

باشترین پاداش بۆ هەوڵی ماندوونەناسانەی شەهیدانی ژینگە درێژەدانە بە تێکۆشانیان

بەناوی بەدیهێنەری ژیان

 

نامرن ئەوانەی وا لەدڵی میللەتا ئەژین. چەند ڕۆژ لەمەوبەر چوار تێکۆشەر و خەمخۆری ئەم نیشتمانە، هاوشێوەی پەپوولەیەک کە بەدەوری مۆمێکدا دەفڕێت، بەدەوری زێدەکەیاندا فڕین و لەپێناویدا سووتان و گیانیان لەڕێیدا بەخشی. (شەریف باجوەر، ئومێد کۆنەپۆشی، موحەمەد پەژووهی‌و ڕەحمەت حەکیمی‌نیا) چوا تێکۆشەری نیشتمان‌خۆشەویست بوون کە لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا گیانی خۆیان لەپێناو بەردەوامیی ژیان‌دا بەخشی. شەڕی ئاگر لەپێناو ئاوەدانی‌دا حەزێکی لاوەکی و ڕووەکی نییە، بەڵکوو خۆشەویستیەکە لەناخی دەروونەوە بۆ ئەم گۆی زەویە کە هانی داون شاخەکان ببڕن و بە سنگی کراوەوە بەرەوپیری ئاگر بڕۆن‌و بە دەستی بەتاڵەوە بۆی بجەنگن. خۆ ئەگەر سۆزێک لەنێوان نیشتمان‌و ئەوان‌دا نەبووبێت، جێژوانێک نەدەبوو، سووتانێک نەدەبوو و هەروەها خۆیان نەدەکردە قەڵغانی زیندووی بەر ئەو ئاگرەی کە جەستەی چیا و دارستانەکانی گرتبۆوە.

ئێوە ڕۆشتن بەڵام ژیانتان بەخشی، پەیامی سەوزتان سنوورەکانی بەزاند و سەدان‌هەزار کەس لە شەققەی باڵتان بە ئاگا هاتەوە و لە فڕینتان ماتەمین بوو. ئێوە ڕۆشتن بەڵام جەنگی دژی ئاگر و تاریکی ڕاناوەستێت، پاش ئێوە، سەدان‌و هەزاران شەریفەکانی پاسەوانی دارستان‌‌و شاخ‌و نزار بەگژ ئاگردا دەچنەوە و بلێسەکانی دائەمرکێننیەوە بۆ ئەوەی ژیان بەردەوام بێت و سروەی شەماڵ بەناو لق‌و پۆپی دارە بەڕوەکاندا بێت‌و بچێت‌‌و گەڵاکانی وەشەکێنێت. دەیان ساڵە دارستانەکان کە بەرگی سەوزی چیاکانن و لانکەی گیان‌لەبەرانن ناوبەناو ئاگر تێبەر دەدرێن و دەبنە دووکەڵ بەرەو بۆشایی ئاسمان دەچن. هۆگرانی نیشتمان‌و سروشت کە نەیانتوانی بەرانبەر ئەو کۆسپە بساچێنن لە ڕێکخراوەکانی وەک ئەنجومەنی سەوزی چیا و ئەنجومەنی پاژین و سەرجەم ئەنجومەنەکانی ژینگەپارێزی لەدەوری یەک کوبوونەوە بەڵکوو بە یەکیەتی‌و بە هاوکاری یەک، بەرەنگاری لەناوچوونی دارستانەکان و ژینگە ببنەوە.

ئەمڕۆکە لە سەرتاسەری جیهان‌و لە هەموو وڵاتەکان، لەلایان خەمخۆرانەوە، هەزاران ڕێخراوەو حزبی ژینگەپارێز بە مەبەستی پاراستنی گیان‌لەبەران، ژینگە، دارستانەکان‌و سروشت دامەزراون؛ هەر لەو چوارچێوەدا لە سەرجەم شارەکانی کوردستانیش ڕێخراوەکانی ژینگەپارێزی لە ئاستێکی بەرزدا چالاکن‌و باشترین پێشوازیان لەلایان کۆمەڵگاوە لێ کراوە. گیان‌لەدەست‌دانی شەریف باجوەر و سێ هەڤاڵی، کۆسپێکی گەورە بوو کە کوردستانیان‌و‌ بگرە کەسایەتیە جیهانیەکانی تاسەبار کرد؛ داوێنی چیاکان ئاشنایە بەم جۆرە مەرگانە، زاگرۆس باش ئاگادارە کە دانیشتووانی بناریی هەمووکات تەییاربوون بۆ پاراستنی‌و گیانی خۆیان لەپێناوی‌دا بەخت کردووە. شەهیدبوونی ئەم دواییەی داوێنی چیاکانی زاگرۆس یەکەمین‌و دوا شەهیدانێک نیەو نابێت کە پەیمانیانێکی نەنووسراویان لەگەڵی‌دا بەستووە کە تا دواهەناسەیان پارێزگاری لە چڵ بەچڵی دارستان‌و نزار و بوونەوەرانی بکەن. گومانمان نییە کە ڕۆڵەکانی داهاتووش هەر بەم چەشنە، بەخوێن و ڕۆحیان داکۆکی لە ژینگەو بست بەبستی ئەم نیشتمانە جوانە دەکەن. دوێنێکە “گوندی نێ” سەفیری زانستی بە جیهان ناساند وئەمڕۆش زرێبار سەرڕێژی کردو شار بەشارو گوند بەگوندی ئەم نیشتمانەی لە مرۆڤایەتی تێراو کردو بەم شێوە هەزارانی شەریفی باجوەری دیکە پاراوو پەروەردە بوون. کۆچی بەکۆمەڵی ئەوان ڕایچڵەکاندین‌و وریای کردینەوە کە ئاستی مەترسیەکانی سەر ژینگەمان زۆر لەوە زیاترە کە بیری لێ دەکەینەوەو پێویستە تاک بەتاکی ئێمەش بەخاوەن لێی دەرکەوین؛ نەهێڵین تاریک‌پەرەستان‌و دوشمنانی ئەم سروشتە جوانە، نامرۆڤانە لەگەڵی‌دا هەڵسوکەوت بکەن‌و ژیانی تێدا ئەستەم بکەن. شەهیدانی ڕێی ژینگە، ئەوینداری سروشت بوون‌و بەربەرەکانەیان لەگەڵ ئاگری ڕق‌و کینەی دوشمنانی ئاوەدانی‌دا دەکردەوە، باش بزانن هیچکات تاریکی بەسەر سەوز و ئاوەدانی‌دا زاڵ نابێت‌و ئەوە وزەی بووژانەوەو سەوزە، کە بەسەر تارمایی‌دا باڵ دەکێشێت.

ئێمە وەک ئەنجومەنی پارێزەرانی ژینگەی بانە (پاژین) لەسەر ئەو باوەڕەین کە باشترین پاداش بۆ هەوڵی ماندوونەناسانەی شەهیدانی ژینگە درێژەدانە بە تێکۆشانیان. هیچ ڕستەیەک، شێعرێک، دەقێک‌و کۆڕێک ناتوانێت هێندەی دریژەدان بەو ڕێبازە سەوزە ڕۆحیان شاد بکات‌و خزمەت بەم زەویە پیرۆزە بکات. سووربوونی باجوەر و هەڤاڵانی لە پاراستنی دارستانەکان تا دواهەناسەیان، ئێمە ڕق‌ئەستوورتردەکات و گڕوتینمان پێ ئەدات‌و وزە بە ئەژنۆکانمان دەبەخشێت کە زیاتر لە ڕابردوو بەرەو پاراستنی ئاوو ئاوەدانی هەنگاو بنێین. باجوەر وهەڤاڵانی خۆڕاگری‌و پێداگریان کردە وانەی نەبڕاوە بۆ گەورەو بچووکی ئەم نیشتمانە؛ پێویستە هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگا شەریف‌ئاسا هەمبەر دژبەرانی ئاوو دارستان‌و نزار و شاخ‌و دەشتاییەکان هەڵوێست بگرێت و ڕێگە بە لەناوچوونیان نەدات. ئەوان سەلماندیان خولیای نیشتمان بە کردەوە گەیو دەبێت نەک بەتەنها قسەی سەرزارو کرداری ڕووەکی؛ شەریف باجوەر لە ماوەی ئەم چەندین ساڵەدا سەرەڕای هەموو تەنگەژەکان بەکردەوە سەلماندی پیاوی مەیدانەو ئەوەی دەیکات نەک بۆ خۆنواندن بەڵکوو بڕوای ناخیەتی کە لە کردەوەی‌دا ڕەنگی داوەتەوە. شەهیدانی ژینگە، ئیمانیان بەو هزرە بوو کە کۆمەڵگەی هێنایە خرۆش‌و وەک بینیمان پێشوازی هەزاران‌کەسیی لە تەرمەکانیان کرا، دووبارەبوونەوەی مێژووی لە بەخاوەن‌دەرکەوتنی گەل لە کەسایەتیەکانیان دەری‌خست کە هەمیشە هەڵوێستی بەرزی کەڵەپیاوانە کە ڕەوشتی جوانی کۆمەڵگە دادەڕێژێتەوە و ئەبێتە هۆی ئەوەی‌کە کۆمەڵگا شەریف باجوەرەکان لەناو خۆی‌دا پەروەردە بکاتەوە.

ئێمە جەخت دەکەینەوە کە ڕێبازی ئەو شەهیدانە بەرنادەین‌و بەڵێن ئەدەین درێژەپێدەری بڕوایەک بین کە ئەوان گیانیان لەڕێیدا بەخت کرد. پاش ئەم کارەساتە، پەیمان نوێ دەکەینەوە کە بە هەموو تواناوە پارێزەری ئەم ئاوو خاک‌و ژینگە جوانە بین.

ئێستا چیاکانی زاگرۆس تەرمی ئەو کەسانەی لەباوەش گرتووە کە دەیانپاراست، ئێستاکە شاخە سەرکەشەکانی کوردستان بوونە لانکەی تەرمی شەهیدانێک کە پووشە سووتاوەکانیان ڕاخست‌و دەوەنی ئاگرینیان کردە سەرین‌و بەئاسپایی سەریان لەسەری‌‌داناو بۆ هەمیشە ماڵ‌ئاواییان لەیەک کرد. ئەی نیشتمان: بزانە تۆ کەسانێکت لەئامێز گرتووە کە ئامادەبوون گرانبەهاترین هەبوونیان کە ڕۆحیان بوو لەپێناوتدا بدەن.

هەڤاڵانی کۆچ‌کردوو!: ئارام بنوون، دڵنیا بن ڕێگاتان پڕڕێبوارە، ڕەنگە چاوەڕێی ئەوەتان نەکردبا کە دوای سووتانی جەستەتان بەیەکجاریی سیمای زێدەکەتان گۆڕا، کەژاوەی کاروانی شەریفەکانی داهاتوو بووە پردی نێوان شاری مەریوان‌و ماڵە نوێکەتان. ئێوە وەک خەڵووز گەشانەوە و ڕێبوارانی ڕێتان بوونە ژیلەمۆی پاش ئێوە بۆ دریژەدانی چالاکیەکانتان. شانازی بەخۆتانەوە بکەن چونکە لێشاوی هەزاران ڕێبواری ڕێتان شەقامەکانی مەریوانی داپۆشی‌و سەرفرازیتان پاش  خۆتان جێهێشت.

ئەنجومەنی پاژین پرسە و سەرەخۆشی دەکات لە بنەماڵەی گیان‌بەخت‌کردووان، خەڵکی شاری مەریوان و سەرجەم کوردستانیان، ژینگەپارێزان و هۆگرانی ئەم نیشتمانە؛ ئێمە خۆمان لە شەهیدانی ژینگە بەخاوەن دەزانین‌ چونکە ئەندامێک بوون لە بنەماڵەی پاژین‌و ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان. هەلپەرستان‌و ناحەزان بەم ئاوو خاکە باش بزانن هەر ئاگرێک لە نزارو دارستانەکان بەربدەن ئێمە بەڕۆحی گیان‌بەختکردووانەوە بەگژتانا دەچینەوە، ئاگرەکان دائەمرکێنین‌و نیشتمان وەک بیلبیلەی چاومان دەپارێزین. دانیشتووانی ئەم مەڵبەندە هاوتەریبی داربەڕووەکانی شاخ‌و هەردەکان هەزاران ساڵە بنچیان داکوتاوەو هەر بوون‌و دەشمێنن، بۆیە نە ئاگرو نە وشکەساڵی ناتوانێت لێکیان دابڕێت‌و چۆکیان پیدابدات. کەواتە با سووتاندن‌و لەناوبردنی دارستەکان بەهەر مەبەستێک، وشک‌کردنی چۆم‌و ڕووبارەکان، داگیرکردنی نزارەکان، ڕاوی ئاژەڵان کە هاوشێوەی ئێمەی مرۆڤ مافی ژیانیان هەیە کۆتایی پێ بێت‌و وەک چۆن ئەوان لەو نۆڕمە سروشتییە خزمەتمان دەکەن ئێمەش خزمەتیان بکەینەوە. کۆتایی بە سووتاندن بهێنن چونکە هۆگرانی سروشت کۆڵ نادەن، سەرلەنوێ لە بەگژداچوونەوەی هەر چەشنە کردارێکی تێکدەرانە لەناو ژینگەدا حەماسەت دەخوڵقێنن. ئەمە نەخولیای شەڕەنگێزیە، بەڵکوو خولیای ئەوینداریە بۆ ژینگەو ئاوەدانی نیشتمان.

لەکۆتایی‌دا سپاسی سەرجەم کۆمەڵانی پێزان‌و بە ئەمەکی کوردستان‌و ئێران و دەرەوە دەکەین کە بە هەر شێوەیەک پرسەو ماتەمینی خۆیان گەیاندووە، سپاس هەموو ئێوە خۆشەویستان کە لە ئەنەجومەنەکان، کەسایەتیە ئایینیەکان، بازاڕیان، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، چالاکانی بوارە جیاوازەکان، لایەنە حقووقیەکان و سەرجەم چین‌و توێژەکانی شاری بانەو تاک بە تاکی ئامادەبووان دەکەین کە بە دەنگمانەوە هاتن و هاوخەمی‌ خۆیان گەیاند و بەشدار بوون لەم کۆڕەدا.

بە سپاسەوە: ئەنجومەنی پارێزەرانی ژینگەی بانە – پاژین ۷ی خەرمانانی۲۷۱۸

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *