وبلاگ
خەونی ئێمپڕاتۆریەتی نێۆ عوسمانی و داوی ئەمریکا بۆ لاوازکردنی تورکیە
تورکەکان زۆریان ھەوڵدا ببنە ئەندامی ھاوپەیمانی ئوروپا بەڵام پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و بەزاندنی سەروەری سنوری وڵاتانی دراوسێ و داگیرکاری (بەتایبەت لە قبرس) و ھەموار نەکردنەوەی یاسای تیرۆر و ھەروەھا بوونی تورکیا بە گەورەترین زیندانی ڕۆژنامەنووسان بوونە ھۆی ئەوەی وڵاتانی ئوروپا بەتایبەت ئەڵمانیا کە یەکەم زلھێزی ئەروپایە دەست بە ڕووی تورکیاوە بنێت. پاش دڵساردبوونی لە ئەندامێتی ئوروپا تورکەکان بە وەرچەرخانێکی ھەمەلایەنە بەرەو وڵاتانی ئیسلامی و بەشداری لە دوو ھاوپەیمانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کەنداو بە پێشەنگایەتی سعودیا ویستی ئەو پەیامە بگەیەنێتە ئەروپا کە وڵاتانی ئیسلامی جێگرەوەتانن و ھاوکات تورکیا کە لە شەڕی دژی کورد پێویستی بە یارمەتی دەرەکیی بوو بەڵکو ڕای گشتیی ناوچەیی لەگەڵ خۆی یەک بخات و لەپاڵ ئەو ھاوپەیمانیە، لەھەمبەر ناڕەزایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھەر کارێکی تیرۆریستی قورسایی خۆی ھەبێت.
ئەردۆغان چاوەڕوانی نەدەکرد بەرھەمی ئەو ڕێگەی ھەڵیبژاردووە شکستی یەک لەدوای یەک بێت و بەھای قورسی بۆ بدات و کۆتا ھەڵەی ئەردۆغان بەزاندنی سنووری وڵاتی سووریا بوو. تورکەکان لەو کاتەوەی کۆچیان کردە ئانادۆڵ جارێک بە ڕوخسارێکی ئایینی و دواتر بە سیمایەکی سێکۆلار و علمانی و پێشکەوتووخواز دەرکەوتن بەڵام تا ئیستا بە تیرۆر و خوێن ڕشتن و داگیرکاری سیاسەتیان کردووە. لەجیاتی داڕشتنی ستراتیژیەکی درێژخایەن بۆ دەسکەوتی سیاسی، بیر لە پاکتاوو ژینۆساید و ڕشتنی خوێنی زیاتری ئەرمەنیەک یا کوردێک ئەکەنەوە. لەلاێکەوە ئاکامی زیندانی کردنی سەرۆکانی ھ.د.پ دەسکەوتی سیاسی نەبوو ھیچ، شکستێکی سیاسی گەورە لە ئاستی ناوخۆو جیھان تووشی تورکیا کرد. پرسی کوردانی تورکیای زەق کردەوە و ڕووی ڕاستەقینەی خۆی لە بواری دیموکڕاسی بە دنیا ناساند تا ئەو جێگەی چەندین وڵاتی ئوروپی لەسەر پرسی دەستبەسەر کردنی پەڕلەمانتارانی کورد سەفیری تورکیایان بانگێشتی وەزارەتی دەرەوە کرد بۆ لێپرسینەوە.
پاش سیناریۆی کودەتا، ئەردۆغان بۆ ژیاندنەوەی ئێمپڕاتۆریەتی نێئۆ عوسمانی کودەتای خۆسەپاندنی لە سوپا و دامودەزگاکانی تورکیا کرد بەڵام ترس لە کودەتای ڕاستەقینە وای کرد ھەوڵ بدات بە لەشکەرکێشی دەرەوەی سنوورەکان شکۆی سوپا بگەڕێنێتەوە و ڕای گشتی سەرشەقامی تورکیا ھێور بکاتەوە. لە ھەڵەیەکی مێژووی خۆی و بە ڕەزامەندی ئەمریکا سنووری سووریای پێشێل کرد و چووە ناو خاکی سووریا بەڵام ئەوەی بیری لێ نەکردۆتەوە ئەو چاڵەیە کە ئەمریکا بۆی ھەڵکەندووە. لە بازنەی پڕۆژەی درێژخایەنی ئەمریکا بۆ گۆڕینی سنوورەکان و پێشخستنی سیاسەتەکانی، پێویست بوو تورکیا تووشی شەڕێکی درێژخایەن بکرێت. ئەمریکا تورکیای تووشی شەڕی کورد و داعش کرد و شەڕی سووریا ئەگوێزێتەوە بۆناو ئەو وڵاتە. شەڕێک کە کۆتاییەکەی نادیارە و دابەش بوونی تورکیای لێ ئەکەوێتەوە
پێشبینیەکە ھاتە دی و سەرچاوەیەکی ھەواڵ بڵاوی کردۆتوە کە بەرپرسانی ئەمریکا چەند ڕۆژ پێشتر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنی کورد لە کۆبانێ ڕایگەیاندووە ئێمە تورکیا بە سەرچاوەی تیرۆر دەزانین و مەبەست تێوەگلانی تورکیا لە شەڕێکی درێژخایەن بووە لە ناوچەکە و بە تایبەت لەگەڵ داعش. ئەتوانین شەڕی نێوان سوریا و تورکیا لە ۲۶ی فەوریە (۸ی ڕەشەمە) لە باب و ناردنی چەکی قورس لە ھەفتەی ڕابردوو بۆ کوردانی سوریا بە ھەند وەر بگرین بۆ پشت ڕاست کردنەوەی ئەو وتانە لە کۆبوونەوەکانی کۆبانێ. تورکیا دوای داگیرکردنی باب، باس لە داگیرکردنی جەڕابلۆس و ڕەققە دەکات بەڵام بەرەنگار بوونەوەی سوپای سوریا لە شاری باب بە مانای بەرەنگار بوونەوەی ڕووسیایە و بێگومان وڵاتی ڕوسیا لەنێوان ئەو دوو وڵاتە سوریە ھەڵدەبژێرێت
لە بابەت پێشھاتەکانی ناوخۆی تورکیا، ئەگەر ئەردۆغان بەردەوام بێت لە قۆرغکردنی دەسەڵات (کە ھەرواش دەبێت)، دەبێ کۆمەڵگای تورکیا ماڵئاوایی لە سێکۆلاریسم و عەلمانیەت بکەن و ئیدی خۆیان وەک شارۆمەندێکی وڵاتێکی میرنشینی عەرەبی کەنداو وەبینن نەک تورکیایەکی سێکۆلاری نزیک لە ئوروپا. زۆرینەی کۆمەڵگای تورکیا خۆیان وەک تورکێکی ئوروپی مۆدێڕن نزیک بە وڵاتانی ڕۆژاوا دەبیننەوە بەڵام میرنشینی عەرەبی کۆمەڵگایەکی ئیسلامیە کە خۆی لە وڵاتێکی جیھانی ئیسلام دەبینێتەوە. چاوەڕوان دەکرێ خەونی زۆرینەی دانیشتوانی تورکیا ئیتر کۆتایی پێ بێت و ئەو وڵاتە ببێتە وڵاتێکی ئیسلامی ھاوشێوەی میرنشینی عەرەبی کە ھەژموونی جیھانی ئیسلام لە ھەر لاێکەوە باڵی بەسەردا کێشاوە. ئەو گۆڕانکاریە خواستی بەشێکی زۆری تورکەکان نابێت کە سەدان ساڵە چەندین حزبی نەتەوە پەرەستی وەک جەھەپە و مەھەپە بۆی تێدەکۆشن و لە لاێکیشەوە بناخەی سوپای تورکیا لەسەر ئەو ئایدۆلۆژیا دامەزراوە و چەندین جار بۆ پاراستنی تورکیایەکی سێکۆلار کودەتای لە دەوڵەت کردووە
ھێزێکی یهکێتیی نیشتمانیی کوردستان چووهته نێو بهشی ههناردهکردنی کۆمپانیای نهوتی باکور لە کەرکووک و بهڕێوهبهرهکهی له شوێنی خۆیدا دهستبهسهرکردووه و ناچاری کردوون ههناردهکردنی نهوتی کهرکووک له ڕێی بۆڕی نهوتی ههرێمی کوردستان بۆ تورکیا بوهستێنن.