اجتماعی, رویدادهای ساکا پرس

زمانی کوردی

 

زمانی کوردی یەکێک لە دەوڵەمەندترین زمانەکانە کە زیاتر لە ۶۰ملوێن کەس لە جیھان‌دا قسەی پێ دەکات. زمان ناسنامەی ھەر گەلێکەو زمانی کوردی پێک دێت لە چەندین زاراوەی وەک کرمانجی‌و فەیلی، سۆرانی، زازاکی‌و شەبەک، لۆڕی‌و لەکی، ھۆرامی، کەلھوڕی‌و ھتد.. و زاراوەی سۆرانی کە ستانداردەکەی سلێمانی‌و بانەیە بۆ کتێب‌و شێعر و ھەڵبەست‌و گۆرانی زۆر بەکار دێت. فارسی نزیکترین زمانە لە زمانی کوردی بەڵام لەزمانی فارسی‌دا بڕێکی زۆر وشەی عەرەبی دەبینرێت کە دەگەڕێتەوە بۆ ھەژموونی ئیسلام لە سەدەکانی ڕابردوودا و ئەو وشانە لەناو زمانی فارسی‌دا جێی کردۆتەوە و زمانی کوردیش بێبەش نەبووە لەو شێوە ھەژموونە.

زمانی دایکی، یەک لە سەرەکی‌ترین ناسنامەکانی ھەر گەل‌و نەتەوەیە کە ئەگەر ناسنامەی خۆی نەپارێزێت لەناو گەلانی باڵادەست دەتوێتەوە و زەوتی دەبێت. نووسین‌و خوێندن و قسە کردن بە زمانی دایکی باشترین ڕۆڵی لە پاراستنی دەبێت؛ بەپێی بڕیاری یونسکۆ لەسەر زمانی دایک ھەرکەس نەتوانێت بە زمانی دایکی بخوێنێت و بنووسێت نەخوێندەوارە، بەشێکی زۆری کۆمەڵگای ئێمە نەخوێندەوارە چونکە زۆرکەس ھێشتا نازانێت بە زمانی خۆی بنووسێت و بخوێنێتەوە!

سەرەڕای دەوڵەمەندبوونی زمانی کوردی بەڵام دەبینرێت کەسانێک لە کۆمەڵگەی کوردەواری‌دا وشەی عەرەبی یان فارسی و ئینگلیزی تێکەڵ بە ئاخاوتنیان دەکەن. بۆ وێنە دەبینین بڕێک لە کچان‌و ژنان بە تایبەت لە باخچەی منداڵان (پیش‌دبستانی و آمادگی) لە شاری بانە منداڵان فێر دەکەن پێیان بڵێن (خاله یا عمه). ڕەنگە ئەو کەسانە پێیان وابێت خاله یا عمه دوو وشەی فارسیە، کە ئەگەر بەو ناوانە بانگ بکرین سەقافەتیان دەچێتە سەر بەڵام بەپێچەوانە ئەو دوو وشە ھەردووکیان عەرەبیە و پێوەندی بە فارسیەوە نیە؛ ھەرچەند کە ئەگەر عەرەبیش نەبوونایە سەقافەتی لەدوای خۆی نەدەھێنا.

ناوی زمانی دایک لە قسەکردن نراوە چونکە کاتێک منداڵ دێتە دنیا بەزمانی دایکی قسە دەکات و دایک ڕۆڵی زۆر دەبینێت لەسەر شیوازی قسەکردنی منداڵەکەی ھەروەھا دایک‌و کچانی کۆمەڵگا دەوری سەرەکی دەبینن لە پاراستنی زمانی دایک چونکە نزیکترین کەسەکانن کە منداڵ سەرەتایی‌ترین وشەکانی لێ فێر دەبێت. گەلێک کە زمانی خۆی گۆڕی بۆ زمانێکی دیکە ناسنامەی خۆی دڕاندووە – کەسێک کە زمانی دایکی خۆی گۆڕی بۆ زمانێکی دیکە بێ ئەوەی بخوازێت، کلتوور و داب و نەریت‌و ناسنامەو جلوبەرگ و ھێمای دەگۆڕێت بەو زمانەو پشت لە خۆی‌و پێشینەو ناسنامەی دەکات. ئیدی دەبێت بەرگێکی دەسکردی نوێ بۆ خۆی بدورێت وخۆی بە کەسێکی دیکە بزانێت کە ئەوە بڕیاری کەسانی خۆبەکەم‌زان و لاوازی نەفسی‌و دەروونیە؛ بۆیە پێویستە ھەر تاکێک لە ھەر نەتەوەیەکی سەر گۆی زەوی ئاگاداری زمانی دایکی خۆی بێت‌و لە مەترسیەکانی لەناوچوون بیپارێزێت.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *