وبلاگ
میوانداریی عەتاخان سەعیدمەنسوور (باشماخ) و مەرگی کوڕێکی
ا
باوکی بەڕێزم (مامۆستا مەلاحەسەن) دەیگێڕاوە: «موزەفەرخان، خانی ئاوایی قەڵاجوغە، ڕۆژێک بۆ سەردانی عەتاخان، بەسواری دەچێ بۆ باشماخ. لە دەرەوەی حەوشە بە پیریەوە دەچن. خان پیادە دەبێ. ئەسپی لە دەست وەردەگرن و بە مەیتەری دەسپێرن. لە حەوشەی قەڵا عەتاخان دەگاتێ و دەستومشتاخ و چاکوچۆنییەکی بەگەرمە دەکەن. «خان فەرموو، فەرموو بۆ سەرێ». دەگەنە پاشخانە، کەوش دادەنێ و لە کەرکەرۆکە دەچێتە ئەودیو. باڵتەی لە شان دەکەنەوە و زەنگاڵ دادەنێ و خزمەتکار دەیانبەنە شوێنی تایبەت. لە وەتاغی میوانان، دۆشەکەڵە و سەنیە بۆ دانیشتن و پاڵپێوەدان دەوراندەور چنراوە. خان سڵاوێکی بەگوڕ دەکا و بە فەرمووی خانەخوێ، دادەنیشێ و پاڵ دەداتەوە. عەتاخان دەستبەسینگەوە ڕاوەستاوە و زۆر بە ڕێزەوە بەخێرهاتنی دەکات. خان دەڵێ قوربان فەرموو. ئەوجار لە خوارەوە بە چۆکەوە دادەنیشێ. خان بە حورمەتەوە دەست درێژ دەکاتەوە و پەنجە لە فەڕش دەدا و «دە قوربان ئاسوودە بە». چاپەز دوو کەشەفی چکۆلەی مسی هەرکام چایەکی خۆشڕەنگ بە چەند کڵۆقەندەوە لە پێش میوان و خانەخوێ دادەنێ و پاشەوپاش دەکشێتەوە. دوای چاخواردنەوە و پشوودانێک، پێش بانگی شێوان دەچنە کەتری قەڵا ڕاوێشکە دەکەن و جارجار دەڕواننە ئاوایی. لە سەربان و کۆڵانەکان کەسانێک سەرقاڵی مێشێن و جگێن و شێروخەت و بندەستیلەن و چەند گەنجێکیش پەنجەشکێنە دەکەن، پۆلێ منداڵیش بە هەلووکێن و حەلبەجووزێن و دایە مەمدە بە گورگە و…خڵافاون و لاوی واش هەبوون چاویان لە ڕێگای کانی بوو. مێگەلی ئاوایی بە دەنگی زەنگی گاڵوێن و زڕەزەنگ لە ئاسۆک هاتووە بەمدیوا. چەند شوان کەپەنکبەشانەوە لە بەر و دوای مێگەلەوە دەڕۆن و کەرەمەڕییەکیش بە باری قەرەوانە و پێداویستیی ڕۆژانەوە لە نێوەڕاستی مێگەلەوە جارجار پڕمەیەک دەکا و دەڕوا. سێ چوار سەگی قەپەگۆڵ لەمشان و لەوشانەوە کلکیان لەسەر شانە و پێکهێنانی ئەمنیەتیان لەئەستۆیە. مێگەل بە بەر کەترەکاندا دەگاتەوە ئاوایی و بۆ ماڵی خاوەنەکانیان دابەشدابەش دەبن. خان دەستێک هەڵدێنێ و «ماندوو نەبن کاکی شوان، ئافەرین مەڕتان تێرە! باشتان گێڕاوە! پووشوپەڵاش هەیە؟» «سڵاو خان، بەخێر بێی، بەڵێ ماوە، جارێ زووە، مەڕ تێر دەخوات». «خاسە خاسە، کەوابێ نابێت لە بەریان کرێ». بوومەلێڵ بە سەردا هاتووە. خان دەچنەوە ژوورێ. هاوکات میوانەکانی دیکەی ئاوایی (ئاغا جەلال، ئاغا سابیر، ئاغا حاجی، میرزا حەمەسادق و…) دەگەنە حەوشە و پێشوازییان لێ دەکرێ و دەچنە ژوورێ، لەگەڵ موزەفەرخان دەستومشتاخ دەکەن و «فەرموو دانیشە». عەتاخان بەخێرهاتنیان دەکات. دوای خواردنەوەی چەند چایی و گاڵتەوگەپ و باسی داهاتی باخی گوێز و ڕەزەکانیان، فرۆشی کاوڕەنێر و کوور و مەڕەپیر، سەربڕینی مەڕی گێژ و شەک و چوێشتیری قەڵەو بۆ قاورمەی زستان، پاشەکەوت و داخستنی گەون و داری قەڵاشکاری بۆ تەنوور و سۆبەی سەرماوسۆڵ، خوانی شێو ڕاخرا. بۆنی پڵاوی برنجی سەدری و خۆرشتی کوردی بە گۆشتی کاوڕ، ڕۆژەڕێیەک دەڕۆیشت. دۆی مەشکەی گاوس لە کاسەی گڵێنەدا، ڕازاوە بە شیوت و گوڵ و قەزوان، کەوچکی داری وەستاکاری هەورامی، تایبەتی خواردنەوەی دۆ، چەند نوێردوو نانی شانەوشان و… لەسەر سفرە سەت هێندەی دیکە تاموچێژیان بە نانوخوانەکە دابوو. بە قسەی خۆش و بەسەرهات و کایەی شەترەنج و تەختەنەرد و چەند کۆپلە گۆرانیی عەتاخان، شەو دەزرینگێتەوە. لەسەر مجۆعمە، شەوچەلە (مێلاق و گوێز و کشمیش) دێت و چایەکی دیکە بەسەریا. شەو درەنگە، میوانەکانی ئاوایی ئیزن لە خان وەردەگرن و بە فانووس و چرادەستییەوە بە ڕێ دەکرێن. پێخەفی تایبەت بۆ خان ڕادەخەن و چرای حەوتنمرە دەکووژێننەوە و فانووسێکی کز لەسەر تاقەیەک دادەنێن. عەتاخان دەچێتە وەتاغی تایبەت بە خۆی. خێزانی لێو بەبارە، چاوەکانی تەڕن، خەمیان لێدەبارێ، دەلۆرێتەوە، هاوار لە پیاو چاکان دەکا. خان دەبینێ یەکێ لە کوڕە چکۆلەکان بە دەم خەوەوە وڕینە دەکا، ئاراوقارای نییە. خانم فرمێسکەکانی بە گۆنایا هاتنەخوارێ و کوتی: «نەمویست مەجلیستان ناخۆش ببێ، لە تاوان دڵم دەچۆقێ! وەختە شێت بم، چ بکەم؟!» خان دڵداری دەداتەوە و دەچێتە پەنای منداڵەکە ماچی دەکا، دەست بە سەریدا دێنێ و دەدوێنێ دەست و لاق و سەروچاوی بۆ فێنک دەکەنەوە، چەند کەوچک هەلیماوی بە دمدا دەکەن و قومێ ئاویش. منداڵە ئۆقرە دەگرێ و خەوی لێدەکەوێ. بوومەلێڵەی بەیان خەبەری دەبێتەوە و دەکڕووزێتەوە. بەداخەوە دوای چەند ساتێک چاوەکانی لەسەر یەک دادەنێ و سارد دەبێتەوە! دوای گریانێکی بەکوڵ و بێدەنگی پیاوانەی باوک و لاواندنەوە و ئەسرینڕشتنێکی بەسۆزی دایکانە، ئەندامانی بنەماڵە و چەند کەسێکی دیکە ئاگادار دەبنەوە.
عەتاخان سەرەڕای ئەوەی خەمێکی گەورەی کەوتۆتە سەر شان و جەرگی بڕاوە و دڵی بریندارە و دەشبینێ دڵی خانمی وەک ئاوی مەنجەڵی سەر ئاگری بەتین دەکوڵێ، بێدەنگێک فەرمان ئەدا «ئارام بن، نابێ میوانی خۆشەویستمان بەو کارەساتە بزانێ و سەفەر و میوانییەکەی لێ تاڵ ببێ.» بە بێدەنگی تەرمی جگەرگۆشەکەیان لە باوەش دەگرن و دەیبەن بۆ مزگەوت. نوێژی بەیان کراوە مامۆستا و چەن کەیخودا هێشتا نەڕۆیون، لەوێ دەیشۆن و کفن دەکرێ و نوێژی لە سەر دەخوێندرێ، دوای ماچکردنی ڕوومەتەکانی، بە مامۆستا و ئەو چەند کەسەی ئاواییی دەسپێرن و بەرەو قەبرستانی حاجیباوا بە ڕێی دەکەن و بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە بەرەو ماڵ دەبنەوە. شوان و گاوان و سەپان و مەیتەر و کارەکەر و نانکەر و کڵفەت کەوتوونەتە خۆ، مێگەل دەڕوا، مانگا دەدۆشن و گایەل تاقەت دەکەن، مەیتەر تفاق دەکاتە بەر وڵاغەبەرزە، شلکێنە گیراوەتەوە و هەویر دەشێلن، دەرکوبان دەماڵدرێ و لە کانی بە گۆزە چەند کاروان ئاو دێنن، سەماوەر هەڵدەکرێ و تەندوور دادەخەن و چەڕەدووکەڵ بە کولاوکەدا بۆ هەڵدەکشێ. میوان لە خەو هەڵدەستێ، مسینەی ئاوی شیلەوگەرم تەرخان کراوە. دوای سەرئاو چوون و چڕوچاوشۆردن، خان بە لۆی پشتێنەکەی دەستوچاوی وشک دەکاتەوە. لە بەر دەرکێ چەند خولەک چاو لە سروشت و جوانییەکانی ئاوایی لە کاتی گزینگی بەیاندا دەکات. عەتاخان بە سەروسڵاوێکی خۆشەوە دەچێ بۆ لای. وتووێژی دوو خانی دەسەڵاتدار بە دەم ڕاوێشکەوە لەمەڕ داهاتی ساڵانە و هەڵسوکەوتی خەڵک و ئاڵوگۆڕی ناوچە و مەڵبەندەکەیانەوە، تەواو سەرقاڵی کردبوون. خۆر دمی بە کەلەوە نابوو، ئیتر درەنگ دەبوو. فەرموو دەکرێن و دەچنەوە ژوورێ. دوای خواردنەوەی دوو چای پڕڕەنگ، مجۆعمەنان دێنن، پەنیر و گوێز و چێشتەنیسکێنەیەکی خەستوخۆڵ و بەتام لەسەر. بەرقەندەیەکی باش دەخۆن. بەم شێوە خان تا ڕۆژی دواتر دەمێنێتەوە بێ ئەوەی هەست بە مردنی کوڕی خانەخوێ بکات. لەو ماوەدا زۆر بە خۆشی ڕایدەبوێرن. پێشنیوەڕۆ دوای خواردنی چێشتەنگاو، خان دەڵێ دەڕۆم. زەنگاڵ و باڵتەکەی بۆ دێنن. زەنگاڵ هەڵدەکێشێ و باڵتەی بە شانا ئەدەن. مەیتەر ئەسپەکەی لە گەوڕ دێنێتە دەرێ. گسکێک بەسەر پشت و لاتەڕافەکانیدا و دەستێک بە سەروگوێلاک و یاڵیدا دێنێ. یەکێ لە پیاوەکان زینی دەکا، هەوسارەکەی دەگرێ و بە دووی خۆیدا ڕایدەکێشێ تا بەر درگای حەوشە و لەوێ لەغاوی دەکا. لەغاوی ئەسپەکە دەگرێ و چاوەڕێی میوانە. موزەفەرخان لەگەڵ عەتاخان و دۆستانی دیکە دەستومشتاخ و ماڵاوایی دەکا و دەڕوا بۆ لای وڵاغەکەی. پەنجەیەکی پای لە ئاوزەنگی دەنێ و خۆ دەخاتە سەر زین. جڵەوی وڵاغەکەی دەگرێ، دەستێک هەڵدێنێ و ڕکێف لێدەدات. دوو کەس لە پیاوەکان بە سواری تا دەراوی ئاواییی تازاوا بە ڕێی دەکەن. خان دەگاتەوە ماڵی خۆی لە قەڵاجوغە. ڕۆژێک دواتر پێ دەزانێ چ ڕووداوێکی دڵتەزێن قەوماوە…» ئالێرەدایە کە جوامێری و گەورەیی و دڵئاواڵەیی و میوانگریی کورد، هاوڕێ لەگەڵ خۆشەویستی بۆ ماڵومناڵ و نیشتمان و نەتەوە، هۆز و تیرە و تایەفە و بە گشتی بۆ مرۆڤ دەردەکەوێ و دەبێتە وێردی سەر زمانی نەتەوەکانی تر. تۆ بڵێی ئەم ڕووداوە ئەگەر بە گوێی ڕوحشاد کاک سوارە ئێلخانیزادە بگەیشتبا، چۆنی لێک داباوە؟ بە هەڵسەنگاندنی بەیتی سەیدەوان لە گەڵ بەیتی هاملێتی شکسپێر، کاک سوارە بەو ئاکامە دەگات کە ژیان لای شکسپێر هەبوون یان نەبوونە، بەڵام ژیان لای بەیتبێژی سەیدەوان دیلان یان ماتەمە. میوانداریی ڕەوانشاد عەتاخان، بەڵگەیەکیترە بۆ سەلماندنی ژیان لە نێوان دیلان و ماتەم دا. نەتەوەی کورد بۆ ئەوەی مانا بە ژیان ببەخشێ، کە لە لای ئەو دیلانە، ماتەمەکانی لە گۆشەیەکی دڵیدا حەشار داوە و بەو هۆیەشەوە کەندوکۆسپی زۆر هاتۆتە ڕێ، بەڵام ئەو ڕەوتەی بە شانازییەوە بۆ نەوەی داهاتوو بە میرات بە جێ هێشتووە. هادی مەحموودی _ بۆکان