وبلاگ
به‌یاننامه‌ی یه‌که‌مین فستیواڵی شانۆنامه خوێندنه‌وه‌ی سه‌قز
اولین بیان نامه ی کوردی له میژویی
کورده واری سه بارت به فستیوالی شانوله شاریی سه قز
به ناوی به‌دیھێنه‌ری جوانی و ھونه‌ر
لێژنه‌ی ھه‌ڵسه‌نگاندن و داوه‌ری یه‌که‌مین فستیواڵی شانۆنامه خوێندنه‌وه‌ی شاری سه‌قز، له ڕۆژانی ۲۱ ھه‌تا ۲۶ی به‌فرانباری ۱۳۹۴ی ھه‌تاوی وێڕای ڕێز و سپاسی زۆرمان بۆ ھه‌موو ئه‌و کەس و لایه‌نانه‌ی که له پێکھێنان و ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌م ڕووداوه به نرخه ھونه‌ری ـ فهرھهنگییهدا به‌شدار بوون، ھه‌ندێ تێبینی خۆمان ئاراسته‌ی ھونه‌رمه‌ندان، خه‌ڵک، به‌ڕێوه‌به‌ران و سه‌رجه‌م لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌که‌ین. به‌و ھیوایه‌ی له ساڵانی داھاتوودا ڕچاو کرێن:
1ـ به‌خته‌وه‌رانه به‌رده‌نگان و بینه‌رانی ھێژای شانۆ و شانۆنامه خوێندنه‌وه ئه‌مجاریش وه‌ک ھه‌موو جارانی دیکه به پیر بانگه‌وازی شانۆکارانه‌وه ھاتن و به پێشوازی گه‌ڕم و گوڕ، ڕاگرتنی بێده‌نگی، نه‌خواردنی خۆراک و کزکردنی ده‌نگی مۆبایله‌کانتان یارمه‌تییه‌کی گه‌وره‌ی ھه‌موولایه‌کتان دا و به ھه‌ڵسووکه‌وتی خۆتان جارێکی‌تریش سه‌لمانتان ھونه‌ر له‌م شاره مێژووییه‌دا جێگه و پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی ھه‌یه، له دڵی خه‌ڵکه‌وه ھه‌ڵقوڵاوه و خه‌ڵک خۆی ده‌یپارێزێ و پشتیوانیشی لێ ده‌کات.
2ـ شانۆکارانی به‌ڕێز! ھه‌ر وه‌ک شاره‌زان یه‌کێ له توخمه سه‌ره‌کییه‌کانی شانۆ به‌رده‌نگ وبینهره، تا بینه‌ر و به‌رده‌نگ نه‌بێ ھونه‌ری شانۆ، بوونی نییه و ناخولقێ. که‌چی به داخه‌وه له‌م فستیواڵه‌دا ده‌وری به‌رده‌نگ و بینه‌ر گرنگی پێویستی نه‌دراوه‌تێ ھه‌ر بۆیه‌ش له کۆی چوارده شانۆنامه ته‌نیا یه‌کیان به زمانی خه‌ڵکی ئه‌م شاره بوو. ئه‌مه‌ش دوو پرسیاری جهوھهرییمان لا دروست ده‌کات. یه‌که‌م، ئاخۆ ھونه‌رمه‌ندانی به‌شداربوو له‌م فستیواڵه‌دا کۆمه‌ڵگا و به‌رده‌نگی مه‌به‌ستیان کێیه و له کوێیه؟
دووه‌م، ئه‌گه‌ر شارستانێک به حه‌شیمه‌تێکی زیاتر له دوو سه‌د ھه‌زار که‌سه‌وه تامه‌زرۆی بینین و بیستنی شانۆ و شانۆنامه به زمانی خۆی بێت، ئه‌بێ ئه‌م ئاواته‌ی چۆن به‌دی بھێنێت؟
3ـ پێویسته ئاوڕێکی زۆرتر له ده‌قه خۆماڵییه‌کان بدرێته‌وه ـ جا چ ئه‌وانه‌ی به کوردی نووسراون یا خود به فارسی ـ له پێناو ناسین و ناساندن و ھه‌روه‌ھا گه‌شه‌ی ئه‌و قه‌ڵه‌مه توانایانه‌ی که له‌م ناوچه‌دا به ئه‌ده‌بی شانۆییه‌وه خه‌ریکن.
4ـ به بڕوای ئێمه، شانۆنامه خوێندنه‌وه‌ش وه‌ک نواندنی شانۆ مێشکی ھونه‌رمه‌ند به خۆیه‌وه سه‌رقاڵ ده‌کات ھه‌ر بۆیه‌ش پێشنیار ده‌که‌ین ھونه‌رمه‌ندانی بواری شانۆ خوێندنه‌وه‌ش ته‌نیا به‌شداری له یه‌ک شانۆنامه خوێندنه‌وه‌دا بکه‌ن، ھه‌تا دەرفه‌تی ئه‌وه‌یان ھه‌بێ بچنه بنچ و بناوانی ده‌قه شانۆییه‌کان ئاسانتر و قووڵتر له گه‌ڵی ڕابین.
5ـ ئه‌گه‌رچی ھه‌ندێ له ڕێبازه ھونه‌رییه‌کانی ھاوچەرخی شانۆ ده‌ورێکی گرنگ بۆ شانۆنامه دانانێن به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش ھێشتا که‌س نییه که نکووڵی له‌وه بکات که شانۆنامه یه‌کێ له توخمه سه‌ره‌کییه‌کانی شانۆیه. ھه‌ر ئه‌مه‌ش خۆی ھۆکارێکی به‌ھێزه بۆ ئه‌وه‌ی گرنگییه‌کی تایبه‌ت بدرێت به شانۆنامه خوێندنه‌وه.
6ـ پێشنیار ده‌که‌ین له پێناو په‌روه‌رده‌کردن و گه‌شه‌ی توانا زمانی و ده‌نگییه‌کانی ده وه‌رگێڕاندا زیاتر ئه‌و ده‌قانه ھه‌ڵبژێردرێن بۆ شانۆنامه خوێندنه‌وه‌که لایه‌نی زمانی و ده‌رخستنی توانا زمانی و ده‌نگییه‌کانی تێدا باڵاده‌سته، نه‌ک فۆڕم و شێوازی جووڵه‌ی ده‌ورگێڕان.
7ـ فستیواڵی شانۆنامه خوێندنه‌وه ده‌رفه‌تێکه بۆ په‌روه‌رده‌ی ته‌کنیکه ده‌نگییه‌کان، ناسین و ڕاڤه‌ی شانۆنامه و … ھتد، له‌و باوه‌ڕه‌شداین فستیواڵی شانۆنامه خوێندنه‌وه‌ی سه‌قز ده‌توانێ ده‌ورێکی گرنگ بگێڕێت له گه‌شه‌ی ھونه‌ری شانۆی سه‌قز به گشتی و فستیواڵی شانۆی کوردی به تایبه‌تی.
8ـ لێژنه‌ی ھه‌ڵسه‌نگاندن و داوه‌ری یه‌که‌مین فستیواڵی شانۆنامه خوێندنه‌وه‌ی سه‌قز له‌و باوه‌ڕه‌دایه، به چاوپۆشی له چه‌ندکاری به‌شدار، وه‌ک یه‌که‌م ھه‌نگاو فستیواڵێکی سه‌رکه‌وتوو بووه و ھیوادارین ھه‌نگاوی دواتر و سهرکهوتووتریشی به‌دوادا بێت.
9ـ خاڵێکی ھه‌ره گرنگ و به‌رچاو له‌م فستیواڵه‌دا که به داخه‌وه بووه ھۆی ئه‌وه‌ی ھه‌ندێ له به‌شه‌کان له ھه‌ندێ گرووپی شانۆنامه خوێندنه‌وه‌دا نه‌چنه ناو ڕیزی کێبه‌رکێی ھه‌ڵبژاردنه‌وه له ته‌وه‌ره‌ی تایبه‌ت به خۆیاندا، نه‌ھێنانی ناوی ئه‌و ته‌وه‌ره یان ئه‌و به‌شانه بوو له ناو ئافیش و بروشوورهکاندا، ھه‌ر له به‌ر ئه‌مه‌ش به پێویستی ده‌زانین گرووپه‌کان له کاره‌کانی داھاتوویاندا بایه‌خێکی زۆرتر بده‌ن به شێوه و ناوه‌رۆکی ئافیش و بروشووری کاره‌کانیان.
۱۰ـ ئه‌گه‌رچی له‌م فستیواڵه‌دا ھه‌ندێ کاری پوخت و سه‌رنج ڕاکێشمان به‌رچاو که‌وت و چێژێکی زۆرما ن لێ وه‌رگرتن و به سه‌رکه‌وتوویان ده‌زانین، به‌ڵام به‌داخه‌وه ته‌نیا دوو کار مه‌رجه‌کانی به‌شداری شانۆنامه خوێندنه‌وه‌ی «وتار»ی سنه‌یان تێدا بوو که به‌ڕای ئێمه ھیچ کام له‌و دوو کاره شیاوی ھه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌و فستیواڵه ناوچه‌ییه نه‌بوون. ھه‌ر بۆیه‌ش ھیچ بژارده‌یه‌کمان له‌م به‌شه‌دا نییه.
لێژنه‌ی ھه‌ڵسه‌نگاندن و داوه‌ری یه‌که‌مین فستیواڵی شانۆنامه خوێندنه‌وه‌ی سه‌قز
ڕێکه‌وتی ۲۱ تا ۲۶ی به‌فرانباری ۱۳۹۴ی ھه‌تاوی
فه‌ره‌یدوون مهحممهدزادە ئه‌میر زار‌ع زاده زاھید ئارمی